ئەمڕۆ 4 یاریی یۆڕۆ بەڕێوەدەچن.. دانیمارک دەیەوێت دڵی ئێریکسن خۆشبکات

زارنیوز/
ئەمڕۆ لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2020ـدا 4 یاریی لە هەردوو کۆمەڵەی دووەم و سێیەم بەڕێوەدەچن و ناسنامەی گەیشتووەکانی قۆناخی 16ـی پاڵەونێتییەکە دیاریدەکرێن.

کاتژمێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان، دوو یاری لە کۆمەڵەی سێیەم بەڕێوەدەچن، کە لە یەکەمیاندا هۆڵەندا لەسەر یاریگەی یۆهان کرویف میوانداریی مەکدۆنیای باکوور دەکات.

هۆڵەندا 6 خاڵی هەیە و پێشوەختە سەرکەوتووە بۆ قۆناخی دواتر، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت فرانک دی بوێری راهێنەری هۆڵەندا بە پێکهاتەی دووەمەوە یاری بکات و بۆ یارییە گرنگەکەی قۆناخی دواتر پشوو بە یاریزانە سەرەکییەکانی بدات.

مەکەدۆنیا کە هیچ خاڵی نییە، تەنیا هەوڵدەدات بۆ مێژوو یارییەکی باش لەگەڵ هۆڵەندا وەک یەکێک لە هەڵبژاردە بەهێزەکانی کیشوەرەکە بکات.

لە یاریی دووەمی ئەم کۆمەڵەیەدا، ئۆکراینا و نەمسا لەسەر یاریگەی ناشیۆنال ئارێنا لە رۆمانیا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، کە هەردووکیان لە هەموو شتێکدا وەک یەکن، تەنانەت بەجیاوازی گۆڵیش، بۆیە براوەکەیان بە پلەی دووەم دەگاتە قۆناخی دواتر، کە هەر یەکێکیان 3 خاڵی هەیە.

دوو یارییەکەی کۆمەڵەی دووەمیش، پێکەوە کاتژمێر 22:00 بەڕێوەدەچن، کە لە یەکەمیاندا بەلجیکای خاوەنی 6 خاڵ و گەیشتوو بە قۆناخی 16 لەسەر یاریگەی گازپرۆم ئارێنا لە رووسیا رووبەڕووی فینلەندای خاوەنی 3 خاڵ و سێیەمی کۆمەڵەکە دەبێتەوە.

بەلجیکا بلیتی سەرکەوتنی وەرگرتووە، بەڵام ئەمڕۆش هەر بۆ سەرکەوتن یاریی دەکات، چونکە دەیەوێت وەک یەکەمی کۆمەڵە سەربکەوێت، کە بێگومان فینلەنداش هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ ئەوەی بەلای کەمەوە خاڵێک لە بەلجیکا وەربگرێت و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات.

لە یاریی دووەمی ئەم کۆمەڵەیەدا، رووسیای دووەمی کۆمەڵە بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ لەسەر یاریگەی پارکێن ستادیۆن دەبێتە میوانی دانیمارکی بێ خاڵ و خاوەن پلەی کۆتایی کۆمەڵەکە.

بێگومان رووسیا پێویستی بە سەرکەوتنە، یان بەلای کەمەوە دەبێت بە خاڵێکەوە خاکی دانیمارک بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت بلیتێکی قۆناخی 16 بەدەستبێنێت، بەڵام دانیمارکییەکانیش سەرەڕای ئەوەی توەکو ئێستا خاوەنی تەنیا یەک گۆڵن و هیچ خاڵیان نییە، هێشتا هیوایەکی باشیان ماوە و ئەگەر سەرکەوتن بەسەر رووسەکاندا بەدەستبێنن و بەلجیکاش لە فینلەندا بباتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە بە دووەمی کۆمەڵەکە سەربکەوێت.

دانیمارکییەکان هەموو هەوڵێکیان دەدەن ئەمڕۆ براوەبن و بلیتی سەرکەوتن بەدەستبێنن، بۆ ئەوەی بکەنە دیارییەکی جوان بۆ کریستیان ئێریکسنی ئەستێرە نەخۆشەکەیان، کە لە یەکەم یارییاندا بەرامبەر فینلەندا لەنێو یاریگەدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو، بەڵام ئێستا باشە و دۆخی تەندروستییەکەی رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر دەچێت و داوای لە هاوڕێکانی کردووە سەرکەوتن بەدەستبێنن.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

مەکەدۆنیای باکوور - هۆڵەندا 19:00
ئۆکراینا - نەمسا 19:00
رووسیا - دانیمارک 22:00
فینلەندا - بەلجیکا 22:00

60