فەلسەفەی ئەخلاق و دفع الافسد بالفاسد!

بەرگریەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كردەی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ بەپێ ی قاعیدە فیقهیەكەی شیعەی ئیمامی (دفع الافسد بالفاسد) دەبێت ڕامانگرێت لەسەر تێگەیشتنی سیاسی كوردی بۆ ئەخلاق .

پرسی ئەخلاق لە بیركردنەوەی مرۆڤایەتیدا یەكێكە لە هەرە باسە سەرەكیەكانی فەلسەفە. لە ئەریستۆوە تا كانت و نیتچە و برتراند رسل و فلیپا فوت ، بەدرێژایی مێژووی فەلسەفە شایەنی لێكۆڵینەوە و تێڕامانە. لە سەرجەم ئایین و فیقهەكانیشیدا ئەخلاق ڕووبەرێكی فراوانی گرتووە. زۆرێك پێیان وایە ئەگەر ئایین خۆی ئەخلاق نەبێت، فیقهەكانی لەپێناو دیاریكردنی ئەخلاقدا پەیدابووە .

لە فیقهی ئیسلامدا (بەشیعە و سونەوە) ئەخلاق لەنێوان دیاریكردنی خراپ و خراپتردا بەوەی كامیان جوانە و كامیان دەبێتە ناشیرین سەدان ساڵە مایەی مشتومڕە .
لە فیقهی سونەدا ئیشكالیەتی ( درء المفاسد مقدم علی جلب المصالح)ە . واتە دوركەوتنەوە لە خراپەیەك ئەگەر باشەش بوو. لە ئیبنوئیمیەوە تا ئیبنوباز ئەم پرسە قسەی لەسەر دەكرێت. بۆنمونە كەسێك نەخۆشە و هەڵگری ڤایرۆسی كرۆنایە، لەهەمان كاتدا هاوكاریكردنی و بەسەركردنەوەی بەپێ ی ئەخلاق، پێویستی یە. هاوكاری جلب المصالح و باشەیە، بەڵام بۆئەوەی نەخۆشیەكە بڵاونەبێتەوە، پابەندنەبوون بەئەخلاقەوە (سەردان نەكردنی) باشترە . ئەم قاعیدەیە ئیشكالیەتی زۆری بۆ فوقەهاكان دروستكردووە. چونكە هەندی مەفسەدە (خراپە) هەیە بەگومان یان ئەگەر دادەنرێت. هەڵبژاردن لەنێوان گومان لە خراپەیەك و باشەیەكدا، بەلای گومان لەخراپەكەدا دەیشكێننەوە. پێی وایە چونكە گومان هەیە دەبێت لێ ی دوور بكەوینەوە. لە فیقهی سونەدا لەپێناو در‌و المفاسددا، گەلێك كردە لەسەر گومان لەدژی ئەوانی تردا ئەنجام دراوە كە دڵنیانەبوون لەتاوانبار، بەڵام بۆئەوەی بە ئەگەر خراپەكە ڕوونەدات ، كەسەكەیان فەوت كردووە .

لە فیقهی شیعەدا ( دفع الافسد بالفاسد ) واتە بەخراپەكردنێك، خراپەیەك لەناو بەریت، زۆرترین ناكۆكی نێوان مەرجەعەكانی شیعەی لەسەرە. چونكە ڕێگە دەدات بە ئەنجامدانی خراپەیەك گوایە لەپێناو كۆتایی هێناندایە بە خراپە. ئەمەش ئەو گرێكوێرەیە كە فلیپافوتی فەیلەسوفی ئەخلاق بە دیلامای قیتارەكە ناساندویەتی .
فلیپا نمونەی ئەو مرۆڤە دێنێتەوە كە ئیختیاری گۆڕینی هێڵی شەمەندەفەرێكی لەبەردەستدایە . شەمەندەفەرێك بەخێرایی دێت و لەسەر هێڵەكەی لەلایەك كۆمەڵێك كەس ڕاگیراون و بەژمارە زۆرن . لەولاشەوە لەسەر هێڵی دووەم تەنیا یەك كەس ڕاگیراوە . بەهەركامیاندا شەمەندەفەرەكە بڕوات كوشتن ڕوودەدات . لێرەدا ئەخلاقی ئەو كەسەی ئیختیاری گۆڕینی هێڵەكەی بەدەستە ، دەكەوێتە قورسترین تاقیكردنەوەوە . ئایا چاو دەپۆشێت شەمەندەفەرەكە بەردەوام بێت ژمارە زۆرەكە بكوژێت ؟ یان هێڵەكەی دەگۆڕێت بە ئاڕاستەی یەك كەسەكەدا ؟ئایا بەلایەوە باشترە یەكێك بمرێت باشترە لە ژمارەیەكی زۆر ؟ بەپێ ی فیقهە شیعی و سونی و پارتیانەكەبێت دفع اڵافسد بالفاسد ، لابردنی خراپەیەكی زۆر بە خراپەیەك ، ئەخلاقی ئەو كەسەی گۆڕینی هێڵەكەی بەدەستە دەبێت یەك كەسەكە بكات بەقوربانی زۆرینەكە .. بەڵام هێشتا ئەوەش تاوانێكی گەورەیە . چونكە وەك فلیپا باسی كردووە ، ئەو هێڵ گۆڕینە بە هاندانی هەر ئەخلاقێك بێت ، دەكاتە بڕیاردان لە كوشتنی ئارەزوومەندانە ( قتل متعمد) بەپێ ی یاسا دەبێت سزا بدرێت نەوەك خەڵات و پاداشت .

بەهانە هێنانەوە بۆ هەر كردەیەكی خراپە لە فەلسەفەی ئەخلاقدا، ناكاتە بێبەری بوون لەهەڵە. چونكە دابەشكردنە ئەخلاقیەكان لە نێوان خراپ و خراپتردا نی یە ، بەڵكە لە نێوان باش و خراپ ، جوان و ناشیرین ، هەڵە و ڕاستیدایە . یەكێك لەوانە پلەكانی دیاری دەكات . نەك وەك ئەوەی دەڵێن خراپێك باشترە لە خراپتر.

50