لەچەند رۆژی ئایندە رۆمانێکی نوێی دەمیرتاش دەخرێتە بازاڕ

زارنیوز/
رۆمانێکی نوێی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رۆژی شەممەی داهاتوو دەخرێتە بازاڕەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەو رۆمانەی لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە زیندانی ئەدیرنەی تورکیا نووسیوە. ناونیشانی رۆمانەکە "ئەفسوون" ە و لەلایەن دەزگای "دیپنۆت"ەوە چاپکراوە.

دەمیرتاش کە نزیکەی پێنج ساڵە لە زیندانە، تاوەکو ئێستا لە زینداندا سێ کتێبی بە ناونیشانەکانی "لەیلان"، "دەوران" و "سەهەر" بەچاپ گەیاندووە.

یەکەمین کتێبی دەمیرتاش لە زینداندا کە بە ناونیشانی "سەهەر" نووسی، لە لیستی ئەو کتێبانەدایە کە زۆرترین فرۆشیان هەیە و وەرگێردراوەتە سەر 14 زمان.

دەمیرتاش چەندین وێنەیشی کێشاوە و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویکردوونەتەوە.

تاوەکو ئێستا چەندینجار داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کراوە، بەڵام حکومەتی تورکیا داواکارییەکان رەتدەکاتەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگەی دەستووری تورکیا، دەبووایە دەمیرتاش ئازاد بکرێت، بەڵام وێڕای ئەو بڕیارانە و کێشەی تەندروستی و بەردەوامی پەتای کۆرۆنا دەمیرتاش هێشتا لە زیندانە.

سەلاحەددین دەمیرتاش لە چوارچێوەی ''لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر'' لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 ەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانیکراوە.

34