بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان چەند بەڵێنێکی ئیدارەی بایدن‌ ئاشکرا دەکەن

زارنیوز/
بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان چەند بەڵێنێکی ئیدارەی بایدن‌و گەورە بەرپرسانی ئەمریکا بۆ مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان‌و بەردەوامیدان بەپشتیوانیکردنی ئەزمونی ئیدارەی خۆسەرو هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرادەکەن.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەمیانی میوانداریکردنی لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک کە ئێستا شاندێکی ئەنجومەنەکە بەسەردانێکی فەرمی لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکان وتی:"لەواشنتۆن لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا ئەنجامداوە، لەو دیدارانەدا بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی لەدواى کشانەوەی ئەمریکا لەئەفغانستان بڵاودەکرێنەوە، ئەمریکییەکان بەڵێنیانداوە کە لەناوچەکەماندا دەمێننەوە.

ئیلهام ئەحمەد ئاشکراشیکرد، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکی بەڵێنیانداوە کە پابەند دەبن بەهێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانیان لەڕۆژئاوای کوردستان‌و پێشکەشکردنی پشتیوانی دارایی‌و ئابوریی بەناوچەکە.

هاوسەرۆکی مەسەدە باسی لەسیمبوڵیبونی مانەوەی سەربازیی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان کرد بەوەی جۆرێک لەهاوسەنگیی ئەرێنی لەدۆسیەی سوریادا دروستدەکات، کە جیاوازە لەو شێوە جەنگەی لەئەفغانستاندا هەبوە.

لای خۆیەوە، ئەندرۆ تیبلەر پسپۆڕ لەکاروباری سوریا لەپەیمانگای واشنتۆن ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لەچاودێران پێشبینیانکردوە کە لەدوای بڕیاری ترەمپ بۆ کێشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسوریا، ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان هەرەس بهێنێت، بەڵام خۆڕاگرتنی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر بەجوڵەکانی تورکیاو ئێران‌و ڕژێمی سوریا دەریخست کە ئەو پێشبینیانە ورد نەبون.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەندامانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا ئاشکرایانکردوە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا پابەندیی خۆیان بەهاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و مانەوەی هێزەکانیان لەڕۆژئاوای کوردستان تا کۆتایی هێنانی یەکجارەکی به‌گروپى تیرۆریستی داعش‌و سەقامگیرکردنی دۆخی ناوچەکە دوپاتکردۆتەوە.

51