تورکیا ناڕەزايەتى لە بەرامبەر بريارێكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمريكا سەبارەت بە گورگەبۆرەكان دەربڕی

زارنیوز/

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، تانژو بیلگیچ ئاشكرای كرد، بە نیگەرانییەوە لە پەسەندکردنی دەقی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٢، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەوە ده‌ڕوانن، کە ماددەیەک لە خۆدەگرێت لەسەر پابەندکردنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەوەی راپۆرتێک ئامادە بکات دەربارەی ئەوەی کە ئایا 'گورگەبۆرەکان' رێکخراوێکی تیرۆریستین یان نا.

تانژو بیلگیچ لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بەو پرسە دایەوە.

بیلگیچ ئاماژەی بەوە کرد کە بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەکە ده‌ڕوانن و رایگه‌یاند:

- "بە نیگەرانییەوە لە پەسەندکردنی دەقی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٢، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەوە ده‌ڕوانین، کە ماددەیەک لە خۆدەگرێت لەسەر پابەندکردنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەوەی راپۆرتێک ئامادە بکات دەربارەی ئەوەی کە ئایا 'گورگەبۆرەکان' رێکخراوێکی تیرۆریستین یان نا. سەرەڕای ئەوەی کە ھێشتا دەقی کۆتایی یاساکە ئاشکرا نەکراوە و پەسەند نەکراوە، بەڵام پەسەند کردنی داواکارییەکی لەو شێوەیە کە تۆمەتی بێبنەما لە خۆدەگرێت و ناگونجێت لەگەڵ پەیوەندیی ھاوپەیمانێتی ریشه‌ییمان لەگەڵ ئەمریکا، لە لایەن بەشێکی کۆنگرێسی ئەمریکاوە، تا دوا رادە مایه‌ی خەم و نیگەرانییە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باسی له‌وه‌ش كردووه‌، پێشتر چەند لۆبییەکی دژ بە تورکیا، لە ئەورووپاش ھەوڵێکی لەو شێوەیەیان داوە كه‌ لە لایەن چەند لایەنێکەوە پاڵپشتی كراون و رایگه‌یاندووه‌:

"ئه‌مه‌ پێش ھەموو شتێک زیان بە بەره‌نگاربوونەوەی تیرۆر دەگەیه‌نێت. سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا راستگۆن و لە سەرووی ھەموویانەوە ئەمریکای ھاوپەیمانمان، با لە بری رێگەدان بەو بانگەشانە خەیاڵی و ناپاکانە، پێویستە بە پێداگرییەوە رووبەرووی رێکخراوە تیرۆریستییه‌ راستەقینەکانی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە و فەتۆ ببنەوە. ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتە لایه‌نگیرییانە لە بەرامبەر ئەو ھاوڕەچەڵەکانەمان کە بە ئاشتی لە وڵاتەکانیاندا دەژین، قبوڵکراو نییە".

تانژو بیلگیچ راشیگه‌یاندووه‌: "چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە ئەم داواکارییە نا درووستە نەخرێتە ناو دەقی کۆتایی ئەو یاسایەی کە کۆنگرێس پەسەندی دەکات، و دووركه‌ونه‌وه‌ لە ھەر ھەڵسوکەوتێک کە دەبێته‌ ھۆکاری بەرتەسک کردنه‌وه‌ی ئازادی رادەربڕین و خۆرێکخستنی كۆمه‌ڵگه‌ی تورکی لە ئەمریکا".

40