بەرھەم ساڵح: "بەشداریکردنی بەرفراوانی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خواستی گەلە

زارنیوز/
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە بەشداریکردنی بەرفراوانی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکاندا، نوێنەرایەتی راستەقینەی خواستی گەل دەکات و دەبێتە مایەی بەرگرتن لە نەیارانی ھەڵبژاردن و دیموکراسی و ئاشکراشی کرد کە لە دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکوومەت، ئەرکێکی دیکەی گرنگ‌ چاوەڕێیان دەکات، ئەوەیش پێداچوونەوەیە بە دەستوور.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کردووە لە کۆمەڵێک لە پێکھاتەکانی سەرجەم شارەکانی عێراق و لە میانیدا باس لە گرنگی ھەڵبژاردنەکان کرا‌وە.

سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق لە بەردەم رووداوێکی گرنگ و چارەنووسساز دایە، ئەویش ھەڵبژاردنەکانە کە دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ نەخشەڕێگای ئایندەی وڵات، ھەروەھا دەبێتە سەرەتایەکی راستەقینە رووەو چاکسازیی و ھەروەھا ھێنانەدی ئایندەیەکی باشتر لە پێناو دەستەبەرکردنی حوکمڕانییەکی باش، بەرجەستەکردنی ماف و ئەرکی عێراقییەکان، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی سەروەریی وڵات.

بەرھەم ساڵح رایگەیاندووە "زۆر گرنگە ھاووڵاتییان بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا بکەن، بەمەش دەتوانین رێگە بکەین لەو کەسانەی کە چاویان بە ھەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی ھەڵنایەت و دەیانەوێت ساختەکاری بە دەنگی عێراقییەکانەوە بکەن".

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح جەختی کردووەتە لەسەر ئەوەی کە بە مەبەستی بەرگرتن لە ساختەکاری و مسۆگەرکردنی پاراستنی دەنگی دەنگدەران لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکەدا‌، کۆمەڵێک رێوشوێنی ھونەریی گرنگ پەیڕەو دەکرێن و راشیگەیاندووە" فرەیی پێکھاتەکانی‌ عێراق، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرەپێشچوونی دۆخی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیری وڵات، دەبێت ئەو فرەییە بگۆڕین بۆ ھێز و کۆمەڵگەکەی خۆمانی پێ دەوڵەمەنتر بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لەم چوارچێوەیەدا خۆمان لە چەمکی کەمینە و زۆرینە دەرباز بکەین".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە بەرھەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەشداریکردنی بەرفراوانی پێکھاتەکانی گەلی عێراق لە ھەڵبژاردندا، زۆر گرنگ و پێویستە، تاوەکو نوێنەرانی خەڵک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی داھاتوودا، بەشێوەیەکی کارا و راست و دروست نوێنەرایەتی دەنگدەرانیان بکەن و داکۆکی لە مافەکانیان بکەن.

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح راشیگەیاندووە "سیستمی ھەڵبژاردن، دەرفەتێکی راستەقینە بۆ سەرجەم پێکھاتەکانی گەلی عێراق دەستەبەر دەکات سەرباری ئەوەی کە سیستمەکە لە ئاستی داخوازی ئێمە نییە و چاومان لەوەیە لە ئایندەدا باشتر و باشتری بکەین، لەگەڵ ئەوەیشدا، سیستمەکە دادپەروەریی بۆ سەرجەم پێکھاتەکان دەستەبەر دەکات، بۆیە بەشداری بەرفراوانی ھاووڵاتییان لە پڕۆسەکەدا دەستەبەری نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی خەڵک دەکات".

بەرھەم ساڵح هەروەها رایگەیاندووە "لە دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکوممەت، ئەرکێکی دیکەی گرنگ‌ چاوەڕێمان دەکات، کە ئەوەیش پێداچوونەوەیە بە دەستوور، ئەمەش بۆ سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق گرنگ و بایەخدارە کە لە لیژنە دەستوورییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داھاتوو، نوێنەری راستەقینەی خۆیان دەبێت و دەتوانن بەشداری لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە گرنگەدا بکەن".

ئاماژە بەوەیشدراوە کە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاندووە کە دەوڵەتی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات، پێکھاتەکانی گەلی عێراق لە سەرجەم جومگەکانی حکوومەتدا، بەشداربن.

33