فەیسبوک هۆکاری ڕاگرتنەکەی ئاشکرا کرد

زارنیوز/
کۆمپانیای فەیسبوک لە ڕاگەیەنراوێکدا گەڕانەوەی ئەپەکانی ڕاگەیاند و دەشڵێت، هۆکاری کێشەکە گۆڕانکاریکردن بووە لە هەندێک لە ڕاوتەرەکانی کۆمپانیاکە کە زۆرێک لە ئامێرەکانی دیکەش بەهۆیەوە لەکارکەوتوون.

فەیسبوک لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، " ئەو کێشەیەی ڕۆژی دووشەممە ڕوویدا و خزمەتگوزارییەکانمان لە کار کەوتن، هۆکارەکەی گۆڕانکاریکردن بوو لە هەندێک لە ئامێرەکانی ناردنی داتاکاندا ( ڕاوتەر) کە ئەوەش کاریگەری دروست کردووە لەسەر زۆرێک لەو ئامێر و سیستمانەی ڕۆژانە بەکاریدەهێنین."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تا ئەو ئاستەی لە تواناماندا بوو کارمان کرد بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان و لە ئێستادا سیستمەکەمان کار دەکات."

هاوکات ڕوونیشیکردووەتەوە، "هیچ بەڵگەیەک نییە کە تۆڕەکە هاک کرابێت و زانیاریی بەکارهێنەران دزەی پێکرابێت."

ڕۆژی دووشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2021، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بۆماوەی نزیکەی شەش کاتژمێر هەریەک لە ئەپەکانی (فەیسبوک، ئینستاگرام و وەتسئەپ) لە کارکەوتن.

36