فەیسبووك بەهۆی وەستانیەوە چەند زیانی كرد؟

زارنیوز/
بەهۆی ئەو كێشە كتوپڕەی لە خزمەتگوزاریەكانی "فەیسبووك، واتسئەپ و ئینستگرام" روویاندا، كۆمپانیای فەیسبووك لە هەر خولەكێكدا 164 هەزار دۆلار زیانی كردووە، كە كۆی گشتی 60 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی پشكەكانی بەبڕی زیاتر لە 47 ملیار دۆلار دابەزینیان بەخۆیانەوە.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەكەمی 2021، تۆڕی فەیسبووك وەستانێكی كتوپڕی بەخۆیەوە بینی و ماوەی 6 كاتژمێر بەردەوام بوو، بەپێی راپۆرتە جیهانیەكان بەهۆی ئەو كێشەوە پشكەكانی فەیسبووك 4.9% دابەزینیان بەخۆیانەوە بینی.

بەپێی ئەو راپۆرتانە، بەهۆی كێشەكەوە كۆمپانیاكە لە هەر خولەكێكدا 163 هەزار و 535 دۆلار زیانی كردووە واتا بۆ زیاتر لەو 6 كاتژمێرەی كێشەی تێكەوت 60 ملیۆن دۆلار لە داهاتی كۆمپانیاكە زیانی كردووە، ئەوەش بڕێكی زۆر كەمە لەچاو ئەو زیانەی لەپشكەكانیدا كردوویەتی و بڕەكەی دەگاتە 47 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.

بەپێی زانیاریەكان، تەنها مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەی كۆمپانیای فەیسبووك كە خاوەنی 14%ی پشكەكانی كۆمپانیاكەیە بڕی 6 ملیار دۆلار زیانی كردووە و ئەوەش بووە هۆی دابەزینی لە لیستی دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی جیهان و لە پلەی پێنجەمەوە بۆ پلەی شەشەم.

57