لە دوای ٢٥ ساڵ ترەمپ لە لیستی دەوڵەمەندترینەکانی ئەمریکا ھاتەدەرەوە

زارنیوز/
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لە دوای ٢٥ ساڵ لە لیستی "٤٠٠ دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا" ھاتەدەرەوە.

دەزگای میدیایی فۆربس کە لیستەكه‌ی ئامادە کردووە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ناوی ترەمپ لەناو لیستەکەدا نییە.

فۆربس ئەوەشی خستوەتەڕوو کە سەروەتەکەی ترەمپ نزیکەی ٢،٥ ملیار دۆلارە و بە جیاوازی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار پێگەی خۆی لە لیستی "٤٠٠ دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا"دا لەدەستداوە.

ئەو دەزگا میدیاییە ئاماژەی بەوەش داوە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە تا ئێستا، ترەمپ ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە.

جێی وەبیرھێنانەوەیە دۆناڵد ترەمپ کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦دا بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرا لە ریزبەندی ١٥٦مینی لیستی "٤٠٠ دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا"دا بوو، بەڵام کاتێک لە ساڵی ٢٠٢٠دا کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ھات، بۆ ریزبەندی ٣٣٩ی لیستەکە دابەزی.

بەڕێوەبەری باڵای کۆمپانیای ئامازۆن، جێف بێزۆس بە ٢٠١ ملیار دۆلار لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدایە و بەدوای ئەویشدا دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئێڵن مه‌سک بە ١٩٠،٥ ملیار دۆلار لە ریزبەندی دووەم و دامەزرێنەری کۆمپانیای فەیسبووک، مارک زوکەربێرگ بە ١٣٤،٥ ملیار دۆلار لە ریزبەندی سێیەمدا دێت.

42