پاكستان.. بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك گیانله‌ده‌ستدانی ٢٠ كه‌سی لێكه‌وته‌وە

زارنیوز/
بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٥،٩ پلە هەرێمی بەلۆچستان باشووری پاکستانی هەژاند و بەپێی ئامارە بەراییەکان، ٢٠ کەس کە شەشیان منداڵن گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.

سەنتەری نیشتمانیی پاکستان بۆ چاودێرییکردنی بوومەلەرزەکان بڵاوی کردەوە، بوومەلەرزەکە کە چەقەکەی لە نزیک ناوچەی ھارنای بووە لە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر روویداوە.

سەنتەری نیشتمانیی پاکستان بۆ چاودێرییکردنی بوومەلەرزەکان ئاماژەی بەوەیش کردووە کە بوومەلەرزەکە کاتژمێر ٠٢:٢٠ بەکاتی ناوخۆ روویداوە و لە ناوچەکانی کویتا، سیبی، پیشین و چامان ھەستی پێ کراوە.

بەپێی راگەیاندنی ناوخۆ بەھۆی بوومەلەرزەکەوە، ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە شەشیان منداڵن و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.

لە کاتێکدا ژمارەیەک خانوو زیانیان بەرکەوتوو لە ھەندێک ناوچەدا، رۆچوونی زەوی روویداوە.

لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە کاریگەر بووە، دەستکراوە بە پرۆسەی گەڕان و رزگارکردن.

26