مەسرور بارزانی پێشوازی لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی چەند وڵاتێك دەكات دەربارەی هەڵبژاردنەكانی عێراق

زارنیوز/
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە بەیاننامەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی عێراق لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات بۆ پشتیوانیكردنیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

لە پەیامێكدا مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە، هەروەها بە گەرمی پێشوازی لە پشتیوانی دۆست و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمان دەكەم بۆ ئاسانكاریكردن لە پێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێكراو، بە تایبەتی ناردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق و یەكێتی ئەوروپا و لایەنەكانی تر .

باسی لەوەشكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی دەدات كە ئازادی گەڕان و هاتووچۆی تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی دابین دەكات و هانیان دەدات كە لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بكەن، لەنێویشیاندا ناوچە جێناكۆكەكان. ئەم پشتیوانیەش زۆر گرنگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

پێشتر ئەمریكا و 11 وڵاتی هاوپەیمانی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا پێشوازییان لە ئامادەكارییەكانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەربڕیبوو، جەختیشیان كردبوەوە لە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد.

28