ئیدی پەرلەمانتار نیم

خولی چوارەمیی پەرلەمانی عێراق کە بە زیاد لە هۆکارێکی کەسیی و بابەتیی خراپترین خولی پەرلەمانی عێراق بوو ( ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە) کۆتایی هات.

خولی چوارەم لە رەحمی هەڵبژاردنێکی پڕ ساختەوە هاتە دەرێ هەر بۆیە چارەنوسی وای بەسەرهات، هیوادارم خولی پێنجەم باش و کاریگەر بێ و ساختەکاری تێیدا سنوردار بێ.

ئەمڕۆ کە ئیتر پەرلەمانتار نیم، بە پێویستی دەزانم لە دڵەوە سوپاسیی هەمو ئەوانە بکەم کە ساڵی ۲٠۱۸ دەنگیان پێدام، داوای لێبوردنیش لە هەر کەموکوڕیەک بکەم کە لە ماوەی رابردوو لە منی پڕ قسوردا هەبوبێت.

سەرباری گرفتەکانی بەردەم ئەم خولە بە هۆی لیژنەکەمەوە کە لیژنەی دارایی بوو، وە بە هۆی ئەو ئەزمە ئابوریەی بە هۆی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە رویکردە عێراق ئەرکێکی زۆر لە ئەستۆی ئێمەدا بوو، بە تایبەتی تێپەراندنی یاساکانی موازەنەی ۲٠۱۹ و ۲٠۲۱ جگە لە یاسای قەرز، هەروەها لێکەوتەکانی گۆڕانکاری لە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی کە بریاری حکومەت و بانکی مەرکەزی بوو.

لە یاساکانی موازەنەدا زیاتر لە مانگ لە بەغدا ماوینەتەوە و یەکێک لەو لیژنانەی زۆرترین ئەرکی ئەم خولەی لە ئەستۆ بوە لیژنەی دارایی بوو.

لە دەرفەتێکدا کێشەکانی خولی چوارەم بە وردی باس ئەکەم، بەڵام سەربەرزم بەوەی بە هەمان نەفەسی خولی سێهەمی پەرلەمان ئەم خولەشمان بێ هیچ جۆرە تەنازول و سازشێک لە مافەکانی هاوڵاتیان تێپەڕاند.

بە هۆی ئەوەی دژی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی هەرێم وەستاینەوە و بەڵێمان نەکرد بۆ دەسەڵات بە سەدان شیواز هەوڵی تیرۆری کەسایەتیمان درا و ئێستاش بەردەوامە، تا گەیشتە هەڕەشە وپلانی تیرۆرکردنی جەستەیی، سەربەرزم کە هیچ کام لەمانە بێدەنگیان نەکردم و ئاڵای سپیم بۆ مافیاکانی دەسەڵات هەڵنەکرد.

ئەمڕۆ کە وەک پەرلەمانتار کۆتایی بە قۆناغێکی ژیانی سیاسیم دێ، و کۆتایی بە دو خولی متمانە و دەنگی پاکی هاوڵاتیان دێ بەڵێنم ئەوەیە کە لەسەر هەمان ئەو رێگایە بەردەوام بم کە شوێن پێی فکر وئامانجەکانی نەوشیروان مستەفان و لە ساڵی ۲٠٠۹ ەوە وەک بەڵێن بە خەڵکی کوردستانمان داون.

ساڵانی پەرلەمانتاریم ئەزمونێکی نوێی سیاسی و کاری فەرمیی دەوڵەتی بوو کە زۆری لێوە فێر بووم، بە هۆشیەوە خۆمم زیاتر ناسی.. زیاتر تێگەیشتم لە میدیا بم یان لە پەرلەمان، بەرێوەبەر بم یان سەرۆکی فراکسێۆن ، (نا) و (نەخێر) و ئۆپۆزسێۆنبونێکی قوڵ لە ناخمدایە کە بەشێکە لە وجودم و ناتوانم سازشی لەسەر بکەم و بەو هۆیەشەوە باجی زۆرمدا، بەڵام شانازی بەو رۆحیەتەوە دەکەم کە (بەڵێ) کردن نیە بۆ دەسەڵات و پارە و پێگەی دونیایی بەڵکو (نا و نەخێرێکی) گەورەیە بو ڕویاندا.

لێرەوە هاوڵاتیەکی ئاسایی بم، یان رۆژنامەوان، سیاسیی بم یان میدیاکار، بەڵێن بێت لە سەنگەری خەڵک و شەقام بمێنمەوە و بە هەمان ئازایەتی رابردوو بە ڕوی مافیا و کلیپتۆکراسەکانی دەسەڵاتی کوردی بوەستمەوە.

دوێنێ پەرلەمانتار بووم، ئەمڕۆ هاوڵاتیەکی ئاساییم ئەوەی لە هەردوو قۆناغەکە هاوبەشن فکری منە کە بە هەمو توانایەوە ئەم دۆخەی ئێستا رەتدەکاتەوە و تێدەکۆشی بۆ گۆڕانکاری و گۆڕینی ریشەیی لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی ئەم هەرێمەدا کە نیشتیمانی ئێمەیە و ئەرکە نە هێڵێن بێدەنگی و بەڵێکردن بۆ ئەجێندا مەترسیدارەکانی دەسەڵات تێیدا بسەپێنرێت.

هۆشیار عەبدوڵا

47