كۆمسیۆن: ئەنجامی ژماردنی دەستی دەنگەكان لەسەدا 100 وەك ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنی بووە

زارنیوز/
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئەنجامی ژماردنی دەستی دەنگەكانی دەنگدانی تایبەت لەسەدا 100 وەك ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنی بوە.

جەمانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراقی وتوە، دوێنێ دوای كۆتاییهاتنی دەنگدانی تایبەت و دەركەوتنی ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان كە دراونەتە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان، سندوقەكانی ئەو وێستگانە كراونەتەوە كە بۆ ژماردنی دەستی دەنگەكان دیاریكراون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەنجامی ژماردنی دەستی دەنگەكان لەو وێستگانە، لەسەدا 100 وەك ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان بوە.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، پاش تەواوبونی کاتی دەنگدان راستەوخۆ دەستدەکرێت بە پرۆسەی ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان ئەوەش لە رێگای سندوقی ئەلیکترۆنی دەنگدانەوە بەڵام لە بنکەیەکی دەنگداندا یەک وێستگە بەپێی یاساكە بەشێوەی دەستی ئەژمار دەکرێ.

24