سەباح هەورامی: پێویستە هاوڵاتیان پشكنینی پێشوەختە بكەن تا بەدووربن لە شێرپەنجە

زارنیوز/
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات پشكنینی پێشوەختە بكەن تا بەدووربن لە شێرپەنجە و دەشڵێت: "بە وەرزش و دووركەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە 50% ئەگەری تووشبوون بەشێرپەنجە كەمدەبێتەوە".
لە نەخۆشخانەی هیوا لەسەر ئەركی كۆمپانیایەكی تایبەت بەشی فریاكەوتنی خێرا كرایەوە و لە مەراسیمەكەشدا سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خزمەتگوزاری تەندروستی لە سلێمانی پێشەنگە لەسەر ئاستی عێراق بەتایبەت ئەم نەخۆشخانەیە، سەرەڕای قەیرانەكانی حكومەت كەرتی تایبەت و خەمخۆرانی كەرتی تەندروستی نەیانهێشتوە لایەنی تەندروستی لەم شارە پەكی بكەوێت و خزمەتگوزاری بەباشی بەڕێوەچووە.
ڕاشیگەیاند، بەپێی وتەی پزیشكان و توێژەران، ئەگەر هەر كەسێك بەیانیان كاتژمێرێك وەرزش بكات و خۆی لە كێشانی جگەرە و نێرگەلە بەدوور بگرێت، ئەوا بەڕێژەی 50% لە نەخۆشی شێرپەنجە پارێزراو دەبێت.
سەباح هەورامی داواشی لە هاوولاتیان كرد، كە "پشكنینی پێشوەختە بكەن، چونكە هەتا زووتر بە نەخۆشییەكە بزانرێت ئەوا بە ئاسانی و بە تیشكێك چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر دوابخرێت ئەوا چارەسەرەكەی قورس دەبێت هەم بۆ حكومەت بە دەیان هەزار دۆلاری تێدەچێت و هەم بۆ هاووڵاتییەكەش، كە مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست دەكات".
جەختیشی كردەوە، بەنیازن پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە لە چەند سەنتەر و مەڵبەندێكی تەندروستی بكەنەوە تاوەكو هاووڵاتیان بەدەمییەوە بچن و زیاتر كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكە بكەن.

30