کۆشکی سپی: هیوادارین پەرلەمانی نوێی عێراق ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان چارەسەر بکات

زارنیوز/
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "هیوادارین ئەوانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق رەنگدانەوەی خواستی گەلی عێراق بن و ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان چارەسەر بکەن".

ئەمڕۆ سێشەممە 12-10-2021 دوای رۆژێک لە راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە خۆشحاڵین کە هەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی ئاشتییانە بەڕێوەچوون. ئێمە ئەو ئەنجامە بەراییانەمان پێگەیشتوون کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندوون و چاوەڕێی ئەنجامە کۆتاییەکان دەکەین".

رەوتی سەدر لەم هەڵبژاردنە زۆرترین کورسی بە دەستهێنا کە 73 کورسییە و بووە براوەی هەڵبژاردن، لەبارەی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ رەوتی سەدر نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، "نامانەوێت پێشوەخت حوکم لەسەر هیچ کەسێک بدەین، بەڵام ئێمە هیواخوازین کە لەگەڵ حکومەتی نوێ کاربکەین دوای ئەوەی کە پێکدەهێنرێت."

نێد پرایس ئاماژەی بەوەشدا، "پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق دەکەین بە بۆنەی بەجێهێنانی بەڵێنەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. ئێمە خۆشحاڵین کە دەنگدان بەشێوەیەکی گشتی بە ئاشتییانە بەڕێوەچوو."

رەوتی سەدر سوورە لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی یاسا بە پشتبەستن بەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەگەڵ لایەنەکان کردوویانە دەیانەوێت پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ خۆیان یەکلاییبکەنەوە.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی ئەگەری دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە تویتێکدا رایدەگەیێنێت، گوشارخستنە سەر کۆمیسیۆن کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبێت. هەروەها بەبێ ناونهێنانی هیچ لایەنێک دەڵێت، "پەنا نەبەنە بەر شتێک کە کۆتاییەکی باشی نەبێت".

39