حەیدەر عەبای لە یادی 16ی ئۆكتۆبەر: چەندین ساڵ نەوتی كەركوك بەدەست گەندەڵكارانەوە بوو

زارنیوز/
حەیدەر عەبای سەرۆكی ئیئتلافی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە یادی 16ی ئۆكتۆبەردا كە تێیدا هێزە عێراقیەكان هەڵیانكوتایە سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەڵێت، نەوتی ئەو پارێزگایە بۆ چەندین ساڵ لەژێر دەستی گەندەڵكاراندا بوو.
حەیدە عەبادی لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، 16ی ئۆكتۆبەری 2017 فەرمانی بە هێزە عێراقیەكاندا كە بچنە ناو پارێزگای كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ سەپاندنی یاسا بەبێ‌ رشتنی یەك دڵۆپە خوێن، ئەوەش دوای ئەوەی گرێبەستە سیاسیەكان لەلایەن گەندەڵكاران مامەڵەی پێوە دەكرا و كێڵگە نەوتییەكان بۆ چەندین ساڵ لەلایەن گەندەڵكارانەوە كۆنترۆڵ كرابوون، دوای ئەوەشی پارێزگاری شارەكە هەڵات پارێزگارێكی نوێ لە شوێنی دانرا.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، تەنها بەو كارەوە نەوەستا و بەڵكو رێوشوێنی تری گرتەبەر و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی كەمكردەوە بۆ 12% بۆ یەكسان كردنەوەی بە سەرجەم پارێزگاكانی تر و بەپێی رێژەی دانیشتوان، هەروەها جوڵەی فڕۆكە نێودەوڵەتییەكان بۆ فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی و لەو فڕۆكەخانانەشەوە قەدەغە كرا، تا هەرێم بێتە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی بە سەرجەم دەروازە سنورییەكانیشەوە بەپێی دەستور.
عەبادی هێمای بۆ ئەوەش كردووە، هەروەها لیژنەكانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دەستەی نەزاهە نێردران بۆ وردبینی كردن بۆ فەرمانبەرانی هەرێم و موچەكانیان و دەركەوت هەزارەها فەرمانبەری بندیوار هەن، لەساڵی 1991ەوە ئەوە یەكەمجاربوو لیژنەكانی حكومەتی فیدراڵ بچنە هەرێم، هەر بە كرداریش موچەی راستەقینەی هاوڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان نارد.

69