چین بە نهێنی مووشەکێکی 'دەنگ بەزێن'ـی ئەتۆمی تاقیکردووەتەوە

زارنیوز/
چین لە مانگی ئابی ئەمساڵدا مووشەکێکی تاقیکردووەتەوە کە کڵاوەی ئەتۆمی لەسەر بووە، مووشەکەکە پێش ئەوەی بەرەو ئامانجەکەی بڕوات، بەدەوری زەویدا سووڕاوەتەوە، بەوەش وڵاتەکە توانای پێشکەوتووی خۆی لەبواری مووشەکدا پێشانداوە بەشێوەیەک کە هەواڵگریی ئەمریکی سەریانسوڕماوە.

رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی ئاشکرایکرد، مووشەکەکەی چین دەنگ بەزێن و هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی بووە. تاقیکردنەوەکەش بەبێ ئاگادارکردنەوەی وڵاتان بووە.

رۆژنامە بەریتانییەکە بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە بە نهێنی باسی کردوون بڵاویکردووەتەوە، مووشەکەکە لە بەرزییەکی کەمدا لەسەر زەوی فڕیوە، بەڵام دوایین ئامانجی خۆی نەپێکاوە و بە دووری نزیکەی 32 کیلۆمەتر لە ئامانجەکەی کەوتووەتە خوارەوە.

هاویشتنی مووشەکی "هایپەرسۆنیک" لەڕێگەی مووشەکی ناسراو بە " لۆنگ مارچ"ـەوە بووە کە بەواتای "رێپێوانی درێژ" دێت. پێشتر چین سەرجەم ئەو تاقیکردنەوانەی کە بەو مووشەکە ئەنجامی دەدان ئاشکرای دەکردن، بەڵام ئەمجارە وڵاتەکە پرۆسەکەی بەنهێنی هێشتووەتەوە.

لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، ئەو بەرەوپێشچوونەی کە چین لە بواری مووشەکە دەنگ بەزێنە کڵاوهەڵگرە ئەتۆمییەکان دەستەبەری کردووە، هەواڵگریی ئەمریکای تووشی "شۆک" کردووە.

مووشەکی دەنگ بەزێن، ئەو مووشەکانەیە کە جگە لە تواناکانی لە هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمی هاوکات خێراییەکەی 5 هێندەی خێرایی دەنگ زیاترە.

خێرایی دەنگ یەکسانە بە هەزار و 235 کیلۆمەتر لە یەک کاژێردا و مووشەکە هایپەرسۆنیکەکان توانایان هەیە لە یەک کاژێردا شەش هەزار و 175 کیلۆمەتر دووری ببڕن.

لەسەر ئاستی جیهان، پێنج وڵات هەن کە خاوەن تەکنەلۆژیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی مووشەکی هایپەرسۆنیکن کە ئەوانیش ئەمریکا، رووسیا، هیندستان، کۆریای باکوور و چینن.

لەمانگی تەممووزی ئەمساڵ رووسیا مووشەکێکی دەنگ بەزێنی تاقیکردەوە کە بەگوتەی خۆی توانای هەیە لە یەک کاژێردا هەشت هەزار و 660 کیلۆمەتر دووری ببڕێت.

سەبارەت بە مووشەکە دەنگ بەزێنەکەی چین، جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە بەڕوونی ترس و نیگەرانیمان لەئاست توانا سەربازییەکانی چین خستووەتەڕوو و پەرەدان بەو توانایانە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ئاسیا و دەریای باشووری چین زیاتر دەکات." کێربی گوتیشی، ئەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وامان لێدەکات چین بە ئاڵنگاریی یەکەم دابنەین و ناچار بە جووڵەمان بکات."

49