کڵچدارئۆغڵو بۆ ئەردۆغان: وەرە سەیرێکی خوانی خەڵک بکە

زارنیوز/

سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند:"ئەردۆغان فاکتەری دەستکرد بۆ فەوتاندنی ئابوریی وڵات دروست دەكات"

کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تویتێکدا رایگەیاندووە: "ئەو کەسەیە ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبات، ئەمجارەش فەرمانی داوە ئەو 10 باڵیۆزە بە پیاوە نەخوازراوەکان ناو ببرێن. بە روونی دەیڵیم؛ هۆکاری ئەم هەڵسوکەوتانە پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی نییە. بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە فاکتەری دەستکرد بۆ فەوتاندنی ئابووریی وڵات دروست بکات. وەرە سەیرێکی خوانی خەڵک بکە!".

رۆژی شەممە 23-10-2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەو 10 باڵیۆزەی داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵایان کردووە رایگەیاند رێنمایی بە وەزیری دەرەوە داوە بۆ ئەوەی بە "پیاوە نەخوازراوەکان" رایانگەیێنێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی شەممە لەمیانی وتاری کردنەوەی باخچە و کتێبخانەی میللی لە پارێزگای ئێسکیشەهیر، باسی لەو گوشارانە کرد کە بۆ ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵای بازرگان و چالاکڤان خراونەتە گەڕ. بەتایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا باڵیۆزانی 10 وڵات لە ئەنقەرە داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ئەو بڕیارە جێبەجێبکات، کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە بۆ ئازادکردنی کاڤاڵا دەرکراوە.

41