کلاسیکۆی پرێمەرلیگ.. یارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەڵاح و رۆناڵدۆ

زارنیوز/

رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول، یارییکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و محەممەد سەڵاح سەر تۆپی یارییەکانی ئەم هەفتەیەی خولی ئینگلتەرا دەبێت، کاتێک لە ئۆڵدترافۆرد رکابەری لەسەر بردنەوەی گرنگترین سێ خاڵ دەکەن.

کاتژمێر 6:30ی ئەم ئێوارەیە شانۆی خەونەکان، دەبێتە شانۆی نمایشی لیڤەرپوولی سەرنجڕاکێش و بەهێز بەسەرکردایەتی سەڵاح و خاوەن یاریگە بەسەرکردایەتی دۆن رۆناڵدۆ.

هەردوو یانە بەبردنەوەی یارییەکانیان لە چامپیۆنزلیگدا دەچنە نێو ئەم یارییە و چاویان لەوەیە سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە، لیڤەرپوول بۆ دوورنەکەوتنەوە لە پێشەنگ و مان یونایتدیش بۆ هەنگاونان بەرەو پلەکانی پێشەوە.

رێد دیڤڵز و رێدز مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، 207 یارییان لەسەر ئاستی رکابەرییە جیاوازەکان ئەنجامداوە، مانچێستەر 81 بردنەوە و لیڤەرپوولیش 68 بردنەوەی هەیە، 58 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.

لەسەر ئاستی خولی ئینگلتەرا مان یونایتد خاوەنی 68 بردنەوەیە و لیڤەرپوولیش خاوەنی 58 سەرکەوتنە، دوایین یاریی نێوانیشیان لە وەرزی رابردوودا لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد بوو و لیڤەرپوول 4-2 یارییەکەی بردەوە.

سەڵاح بە ئامارە سەرنجڕاکێش و توانا جیاوازەکەیەوە لەم وەرزەدا کە تاوەکو ئێستا 7 گۆڵی لە پرێمەرلیگدا کردووە، لە دوایین 9 یارییدا گۆڵی کردووە و ئەم ئێوارەیە چەکی بەهێزی کڵۆپ دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی یارییەکە.

لە بەرامبەر رۆناڵدۆی پڕ وزە و هیوا سەرکردایەتی مان یونایتد دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەکەی بەرامبەر ئاتالانتا بەرەو سەرکەوتن برد، ئەمڕۆش دەیەوێت هاوکاریی یانەکەی بکات بۆ بردنەوە و ژمارەی گۆڵەکانیشی لە خولەکەدا زیادبکات، لەکاتێکدا لە 5 یاریی پرێمەرلیگدا دوای گەڕانەوە بۆ یانەکە 3 گۆڵی تۆمارکردووە.

ئەوەی بۆ مانچێستەر یونایتد، سۆڵشایەر و هاندەران جێگەی دڵخۆشییە ئەگەری یارییکردنی برونۆ فێرناندێز و مارکۆس راشفۆردە، لەکاتێکدا مەترسی لەسەر ئەو دوو یاریزانە هەبوو کە لەم یارییە گرنگەدا ئامادەنەبن.

گۆڵکاری مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوو ستیڤن جێرارد، ئەستێرەی پێشووی لیڤەرپوول و جۆرج وۆڵ، ئەستێرەی پێشووی مان یونایتدە، کە هەریەکەیان 9 گۆڵیان تۆمارکردووە.

ریان گیگز، یاریزانی پێشووی مانچێستەر یونایتد زۆرترین یاریی لە یارییەکانی نێوان هەردوولادا کردووە کە 48 یارییە.

87