شاڵاو عەلی عەسکەری: لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ برادەرانی پارتی هەیە و لەگەڵ گۆڕانیش دانیشتن دەکەین


زارنیوز/

شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان بەیەک مەودا دورن لە هەمو کوتلەکان، "ئێمە لێکتێگەیشتنێکمان هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی، لەگەڵ گۆڕانیش دانیشتن دەکەین".

شاڵاو عەلی عەسکەری سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دانوستان لەگەڵ گروپە شیعییەکانی نێو عێراق و مەودای نزیکی و دوری یەکێتی بە ئاژانسی ئانادۆڵ-ی راگەیاند، ئەوان لەگەڵ هەمولایەنەکان لە گفتوگۆدا دەبن و وتی، "ئێمە بەیەک مەودا دورین لە هەمو کوتلەکان، ئێمە لێکتێگەیشتنێکمان هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی، لەگەڵ گۆڕانیش دانیشتن دەکەین کە ئێمە هەریەکە و بەرنامەی خۆی تەرح بکات، گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بەڵام بڕیارمان داوە کە هەمومان بەیەک بەرنامەیی بچینە بەغداد، ئەوسا چی لایەنێک ئامادەیی تێدابێت بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی کورد لە شایستە سیاسییەکان، شایستەی ئیداری و دارایی هەرێم، ئێمە لەو لایەنەوە(عێراقی)ەوە نزیکین".

سەبارەت بە هێڵە سورەکانی یەکێتی و ئەو پۆستانەی داوای دەکات لە بەرامبەر داخڵبونی بە لیستەکانی تری هەرێمی کوردستان تاوەکو بەیەک دەنگ پێی بچنە بەغدا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند کە ئەوان بەرنامەی کاری خۆیان ئاشکرا ناکەن و وتی، "هەمانە، بەڵام ئاشکرای ناکەین، پارتی و حزبەکانی تریش بەرنامەی کاریان هەیە، بەڵام ئەمانە هەمومان بەیەکەوە گفتوگۆی دەکەین و دەبێتە یەک بەرنامە و دواتر پێی دەچین بۆ بەغداد، ئێمە تا ئێستا نەکەوتوینە دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی تری عێراقی، بەڵام پەیوەندیمان هەیە، پارتیش بەو شێوەیە".

شاڵاو عەلی عەسکەری لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا یەکێتی لە چی لایەنێکی براوە هەڵبژاردنەوە نزیکە لەنێو گروپە شیعیەکان، بە زەردەخەنەیەکەوە وتی، ئەوان لە ئیمامی عەلی-یەوە نزیکن.

128