سامانە سروشتیەكان سێ‌ مەرج بۆ بەنزینخانەكان دادەنێت

زارنیوز/
حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، هەر بەنزینخانەیەك بەنزینی نۆرماڵی حكومەتی وەرگرت، نابێت نرخەكەی زیاد بكات و تێكەڵی بەنزینی تر بكرێت، هەروەها ناشبێت بەنزینێكی دیكەی نۆرماڵ بفرۆشێت.

حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردووە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان میكانیزمێكی بۆ دابەشكردنی ئەو بەنزینە داناوە كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دێت، لە هەر بەنزینخانەیەكیش فەرمانبەرێكی وەزارەتەكە چاودێری دابەشكردن و جۆر و بڕ و بەهاكەی دەكات.

ئەوەش هاتووە، تاوەكو بە هیچ شێوەیەك پێشێلكارییەكی تێدا نەكرێت بەرامبەر بە هاوڵاتیان، هەروەها ئەم مەرجانەش دیاریكراوە بۆ بەنزینخانەكان و هەر بەنزینخانەیەك بەنزینی نۆرماڵی حكومەتی وەرگرت، نابێت بەنزینێكی دیكەی نۆرماڵ بفرۆشێت.

سەبارەت بە مەرجەكانی تر هاتووە، بە هیچ شێوەیەك بەنزینە حكومییە ئۆكتان بەرزەكە تێكەڵ ناكرێت بە بەنزینی دیكەی نۆرماڵ، بە هیچ شێوەیەكیش دەستكاری بەهای بەنزینەكە ناكرێت و بە شێوەی لافیتە بە ئاشكرا بەها حكومیەكەی دیاری كراوە.

بەپێی رێكەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغدا، رۆژانە بڕێك بەنزین لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان كە جۆری نۆرماڵە و لیترێك بەرامبەر 690 دینار بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

39