ڕاپۆرتێکی نێونەتەوەیی: لەساڵی ڕابردوودا ئێران زیاتر لە 250 کەسی لەسێدارەداوە

زارنیوز/

ڕاپۆرتێکی نێونەتەوەیی ئاشکرایکردووە، کە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 250 کەس لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارەدراون و لانیکەم چواریان منداڵ بوون.

جاوید ڕەحمان بڕیاردەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبەردەم لیژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەو تێکڕایەی ئێران لە سزای لەسێدارەداندا جێبەجێیکردووە “ئاگادارکردنەوەیەکی مەترسیدارە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 250 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و لانیکەم چواریان منداڵبوون، تەنها لەمساڵیشدا تائێستا 230 سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراون و نۆ لەوانە ژن و یەکێکیان منداڵ بوون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، لەساڵی ڕابردوودا ئێران لە پلەی یەکەمی وڵاتانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستبووە لە زۆرترین بڕیار و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندا.

جاوید ڕەحمان وتیشی، سەرەڕای زۆریی لەسێدارەدان لەو وڵاتە، بەگشتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران “تائێستا تاریکە”.

ڕاپۆرتەکە باس لەوەدەکات، نیگەرانییەکان سەبارەت بەبڕیارەکانی لەسێدارەدان لە ئێران زۆر لەیەنی هەیە، دیارترینیان ئەو بنەمایەنەیە کە بڕیارەکەی لەسەر دەدرێت، کە بە “تۆمەتی ناڕوون و پەیوەستکردنی بە ئاسایشی نیشتمانی”یەوە دەردەکرێن.

ڕەخنە لە سیستمی دادوەریی وڵاتەکەش دەگرێت بەوەی خاوەنی “سیستمێکی دادوەریی شەرمهێنەرە”، کە تەنانەت “بچوکترین بنەماکانی دادپەروەری و سەلامەتیی تێدانییە”.

جاوید ڕەحمان دەڵێت، “دادگاکان پشت بەو دانپێدانانە دەبەستن کە لە زیندانەکان و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا بەزۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا وەردەگیرێن، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنن و جێبەجێی دەکەن”.

39