عێراق.. هەوڵەکانی سوننە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی پەرلەمانیی یەکگرتوو

 

زارنیوز/
دوو سەرچاوەی عێراقی ئاشکرایان کرد کە نزیکبوونەوە لە نێوان دوو گەورەترین لیستی سوننە هەیە و لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکبکەون بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە خولی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا.

دوو سەرچاوەی سیاسیی لە دوو گەورەترین کوتلەی سوننە لە خولی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران "تەقەدووم" و "عەزم" بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند کە ئەو دوو کوتلەیە "لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی یەکگرتووی سوننە لە پەرلەمان".

ئەو دوو سەرچاوەیە کە نەیانویست ئاماژە بە ناویان بکرێت، رایانگەیاند، "هەوڵەکان بۆ یەکخستنی ئەو دوو کوتلەیە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی داواکاری سوننەکانە لە رووی ژمارەی پۆستە وەزارییەکان لە حکومەتی داهاتوو هەروەها پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران".

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد: "کوتلە براوەکان ناتوانن حکومەتی داهاتوو پێکبهێنن، بەبێ سوننەکان و داواکارییەکانی هێزە سوننەکان ئەگەر لەیەک بەرەدا یەکبگرن".

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەم، هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی کە محەمەد حەلبوسی بە بەدەست هێنانی ٣٨ کورسی پەرلەمان لە پلەی دووەم هات، هاوکات دووەم گەورەترین هاوپەیمانی سوننە بەناوی عەزم بە سەرۆکایەتی سیاسەتمەدار و بازرگان، خەمیس خەنجەر ١٥ کورسی بەدەستهێنا.

هەروەها "کوتلەی سەدر" بە سەرۆکایەتی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بە بەەستهێنانی ٧٣ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.

چاودێری سیاسی نزیک لە هاوپەیمانی تەقەدووم، خالید عەلی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆدەنگییەکی جددی هەیە لە نێوان سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، خەمیس خەنجەر".

گوتیشی: "نزیکبوونەوەی نێوان هەردوو لایەنەکە گەیشتووەتە ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی سیاسیی لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێزی سوننە لە حکوومەتی نوێدا لەژێر چەتری پڕۆژەی سوننە - عەرەبدا".

ناوبراو گوتیشی: "هاوپەیمانی نێوان حەلبوسی و خەنجەر نزیکە و لە قۆناغی پێشکەوتوودایە و لەسەر لەسەدا ٤٠ی خاڵەکان رێکەوتوون"، و پێشبینی کرد کە لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەفەرمی هاوپەیمانیەکە رابگەیەنرێت "ئەگەر کاریگەری دەرەکی لەسەر هەردوولا نەبێت".

ئاشکرایشی کرد، "ئەو خاڵەی کە رێگرە لە تەواوبوونی کۆتایی رێککەوتنەکە، سەرکردایەتی ماڵی سوننەیە، چونکە هەردوو لایەن لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئه‌و پۆستەدان".

گوتیشی: "کۆدەنگییەکی گەورە هەیە لەناو ماڵی سوننە بە گشتی، تەنانەت لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی تەقەدووم و عەزم کە محەمەد حەلبووسی بۆ خولێکی دیکە دەبێتەوە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران".

لای خۆیەوە، شیکەرەوەی سیاسیی، ئیحسان شممەری گوتی: "داتاکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکات کە پێشکەوتنێکی بەرچاو هەیە لەنێوان هاوپەیمانێتی نێوان تەقەدووم و عەزم بۆ گەڕانەوە بۆ نەریتی پێشووی پێکهێنانی ماڵی سوننە هاوتای ماڵی شیعە و کورد".

ئیحسان شممەری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان عەزم و تەقەدووم بە ئامانجی پێکهێنانی ماڵی سوننەیە کە لە حکوومەتی نوێدا کاریگەر بێت".

گوتیشی: "قۆناغی ئێستا هەموو رکابەرەکانی ناو ماڵی سوننە ناچار دەکات دەست لەناو دەست بنێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە عەزم نەیتوانی ژمارەیەکی زۆری کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدووم جارێکی دیکە داوای سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردووە".

ئیحسان شممەری راشیگەیاند، :"ئەو تێڕوانینانەی ئێستا لەنێوان هەردوو هاوپەیمانییدا هەیە نزیکن و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم هاوپەیمانییە سوننەیە رابگەیەندرێت".

تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێداچوونەوە بەو هەزار و ٤٠٠ تانەیە دەکات کە پێشکەشی کراوە بەر لەوەی ئەنجامەکان بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بنێرێت بۆ پەسەندکردنی بۆ ئەوەی ببێتە ئەنجامی کۆتایی.

هێز و گرووپەکانی شیعە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەت دەکەنەوە و لایەنگرانیشیان لە بەغدا خۆپیشاندان دەکەن و پێیان وایە مانەوەی ئەنجامەکان بەو شێوەیەی کە راگەیەندراوە دەبێتە هۆی هەڕەشە لەسەر ئاشتی مەدەنی و مەترسی و ئەگەری سەرهەڵدانی رووداوی توندوتیژی.

31