پێشبینی کەشناسێکی عیراقی بۆ بارانبارین لەمڕۆدا

زارنیوز/
کەشناسێکی عیراقی ئاشکرایکرد، کە ئەمڕۆ ئەگەرێکی کەم هەیە بۆ هەبوونی باران لە چەند ناوچەیەکی عیراقدا، بەڵام چاوەڕێدەکرێت ئەمشەو لە چەند شارێکی عیراق باران ببارێت.

سادق عەتیە، کەشناسی دیاری عیراقی بەپێی نەخشەیەک کە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی خۆی بۆ بارانبارین لەمڕۆدا ئاشکراکردووە و دەڵێت، کە ئەمڕۆ ئەگەری کەم هەیە باران ببارێت، بەڵام لە پارێزگاکانی نەینەوا و دهۆک و هەولێر ئەگەری نمەباران لە رۆژدا هەیە، کە مەرج نییە سەنتەری شارەکان بگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەگەری هەیە لە شەودا بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی دیکەی عیراق دەستپێبکات و تەنانەت ناوچەکانی "ئەنبار، دەشتی نەجەف و سەماوە"ش بگرێتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان نمەباران هەبوو، بەڵام لە سەنتەری شارەکاندا ئاستەکەی کەمتر بوو.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش، ئەگەری هەیە کە رۆژانی 29 و 30 و 31ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بگرێتەوە و دوێنێش لە چەند ناوچەیەکی شاخاوی هەرێمدا بەرێژەیەکی کەم بەفر باریبوو.

49