یونامی هێرشەکانی دیالە ئیدانە دەکات و داوای یەکڕیزی دەکات

زارنیوز/
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی شەوی سێشەممەی لە دیالە کرد، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندان کەس.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە راگەیەندراوێکدا هاوخەمی خۆی بۆ خانەوادەی قوربانییەکان دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ بریندارەکان خواست.

لە راگەیەندراوەکەدا یونامی داوا لە دەسەڵاتداران دەکات کە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل له‌ هێرشەکە ئەنجامبدەن و هەموو هەوڵێك بخەنەگەڕ بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی سه‌رجه‌م هاووڵاتییان.

لە راگەیەندڕاوەکەدا هاتووە: "یەکڕیزی کلیلە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی تیرۆر و توندوتیژی کە کاریگەری دەخەنەسەر سەقامگیریی عیراق".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە وڵاتەکە بگەیەنن و دووبەرەکی دروست بکەن سەرکەوتوونابن لەم کارە ئەگەر عێراقییەکان شانبەشانی یەکتر بوەستن".

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە لە پارێزگای دیالە و بەپێی داتاکانی سوپای عێراق، لەو هێرشەدا ١١ کەس کوژران، بەڵام سەرچاوەیەکی پزیشکیی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەو هێرشەدا ١٥ کەس کوژران و ١٣ ی دیکە برینداربوون.

دوای ئەو هێرشە، سەدان چەکداری شیعە لە گوندی رەشادەوە هێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندی "نەهر ئیمام" کە دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک بووە لە بەرامبەر کوژرانی منداڵ و کەسوکاریان لەلایەن داعشەوە. بەهۆی ئەو هێرشەوە هەشت کەس لەدانیشتووانی گوندی نەهر ئیمام کوژران و ئاگر لە خانوو و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.

13