راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە له‌سەر په‌لاماری داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پردێ

زارنیوز/
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەری پێشمەرگەیان داوە لە سنووری شارۆچکەی پردێ و بە هۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: "ئەمشەو ۳۰ ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریکپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی لیوای ۱۰ی پیادە لە سنووری شارۆچكەی پردێ، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای ۱۰ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر شەهید بوون".

وەزارەتی پێشمەرگە پرسە و سەرخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو پێشمەرگەیە کردووە و هاوخەمی و هاوسۆزیی بۆ خانەوادە و هاوسەنگەرانی دووپات کردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەخەڵكی كوردستان رادەگەیه‌نین، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازیی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریی كردن لە خاک و خەڵكی كوردستان".

هەروەها هاتووە: "لەكاتێكدا چەندین جار هۆشدارییمان داوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نووستووەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەیەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵ دەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی دژبە داعش".

 

17