کۆمیسیۆن: "ساختەکاری لە دووبارە ژماردن بە دەست رووی نەداوە"

 

زارنیوز/

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، تا ئێستا پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ١٤ ھەزار و ٦٢١ وێستگە کە تانەیان لێدراوە، ئەنجام داوە.

ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عیماد جەمیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو لایەنانەی ناڕەزاییان نیشان دا دژبە ئەنجامەکان، تانەیان لەسەر ئەنجامە بەراییەکان پێشکەش کرد و گوتی: "لەسەر بنەمای پەسەندکردنی ژمارەیەک لە تانەکان، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ژمارەیەک وێستگە ئەنجامدراوە".

عیماد جەمیل باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا کۆمیسیۆن پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ١٤ ھەزار و ٦٢١ وێستگە ئەنجامداوە و گوتی: "ساختەکاری لە پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست رووی نەداوە".

دوێنێ شەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ٣٨٧ وێستگەی بەشی کەرخ رۆژئاوای بەغدا ئەنجامدا کە تانەیان لێ درابوو.

پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق راگەیاندبوو دوای پەسەندکردنی ژمارەیەک لەو تانانەی کە لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کراون، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ ژمارەیەک وێستگەی ھەڵبژاردنەکان ئەنجام دەداتەوە.

32