وەزارەتی خوێندنی باڵا: 90%ی دەرچوانی ئەمساڵ وەرگیراون و دەكرێت بە 100%

زارنیوز/
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی زانكۆلاینی راگەیاند و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەخت لەوە كرایەوە، ژمارەی خوێندكارانی دەرچووی ئەمساڵ كە لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیراون گەیەندراوەتە 90% و ئەوەی تری كە ماوەتەوە وەردەگیردرێن.

دكتۆر خەتاب شێخانی سەرۆكی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامی نوێی زانكۆلاین وتی، لەسەر داوای كەسوكاری قوتابیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان پلانی ساڵی رابردوو جێبەجێ كرا، كۆی گشتی پلانی وەرگرتن ساڵی رابردوو 56 هەزار و 804 كورسی بوو، ئەمساڵ ئەو پلانە جێبەجێ كراوە.

وتیشی، ئەمساڵ كۆی گشتی وەرگیران بووە بە 47 هەزار و 746 خوێندكار، جگە لە خوێندكارانی ناوچە دابڕێنراوەكان و هەندێك خوێندكاری تر، واتا 4 هەزار و 469 كەسی تر وەرگیراون، رێژەی وەرگرتن بۆ دەرچوانی ئەمساڵ بووە بە 90% و 10% شوێنیان بەرنەكەوتووە، ئەوەش بەهۆی كەمی هەڵبژاردنەكانیان یاخود هەڵەی فۆڕم، ئەوەش واتای ئەوە نییە كە كورسی نەماوە بەڵكو زیاتر لە 8 هەزار كوسی بەتاڵە و دواتر دەخرێتەوە بەردەستی خوێندكاران و رێژەی وەرگرتن دەبێتە 100%.

دكتۆر خەتاب رونیشیكردووەتەوە، ئێستاش هەندێك خوێندكاری نمرە بەرزی وەك 97 و 96 هەیە هیچ شوێنێكی بەرنەكەوتووە بەڵام دواتر وەردەگیردرێن، ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە هەڵبژاردنەكانیان كەمە، بۆ نمونە تەنها 3 كۆلێژی پزیشكی نوسیوە و فۆڕمەكەی ناردووە.

جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ خوێندكاران نمرەكانیان بەرزە هەندێك لەو بەشانەی خواستیان لەسەرە رێژەی كورسیەكان لە ساڵی رابردوو زیاتر كراوە، رێژەی پلانی خۆڕایی زیاد كراوە و پارالێڵ و ئێواران كەمبوونەتەوە.

86