هەنگوینی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمدایە

زارنیوز/
هەنگوینی هەرێمی کوردستان کە لەسەر ئاستی دنیا یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی هەنگوین بەهۆی بەرزی رێژەی پێکهاتە خۆراکییەکەیەوە و لە پێشانگای کشتوکاڵی و بەروبوومە ئاژەڵییەکانی ھەولێر بەشێکی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە و بە گرنگییەوە دانراوە.

سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، عارف شێروانی دەربارەی هەنگوینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەنگوینی کوردستان یەکێکە لە هەرە هەنگوینە باشەکانی جیهان، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٩ لە فێستیڤاڵێک لە فەڕەنسا لەسەر ئاستی جیهان هەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەست هێنا، چەندین جاری دیکەش لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، هۆکاری ئەم باشییەی هەنگوینی کوردستانیش؛ بابەتەکە سروشتی ناوچەکەیە، ناوچەیەکی کراوەیە و لە کوێستانەکانی جۆرەها گوڵی سروشتی تێدایە کە لە ناوچەکانی دیکە نییە. لە وڵاتان و ناوچەکانی دیکە پشت بە چەند رووەکێک دەبەستن بۆ نموونە لە باشووری عێراق هەنگوینی بەرسیم یان کالپتۆس یان چەند جۆرێکی تر هەیە کە مێشهەنگەکان شیلەی یەک رووەک وەردەگرن بەمەش بەهای خۆراکی هەنگوینەکە زۆر لە خوارەوەیە، بەڵام هەنگوینی کوردستان بەهای خۆراکییەکەی تاوەکو ٨٠ بۆ ٩٠ لەسەد دەروات، لەبەر ئەوەی شیلەی جۆراوجۆری گوڵی جۆراوجۆر وەردەگرن، بەتایبەت گۆڵە درکاوییەکان، چونکە باشترین جۆری هەنگوین لە گوڵی دڕکاوی بەرهەم دێت".

عارف شێروانی دەربارەی هەنگوینی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەنگوینی شاخ باشترین جۆرە، ئێمە چیامان هەیە زیاتر لە سێ هەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە، ئەو گوڵانەی لەوێ دەڕوێت لە شوێنی دیکە ناڕوێت، لەو شوێنانەش کە هەنگوینمان لێدەکڕن لە وڵاتانی دەرەوە ئەو جۆرە هەنگوینەیان دەوێت".

سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان دەربارەی جۆرەکانی هەنگوین راگەیاند "هەنگوین بە چەند جۆرێک دەفرۆشرێت بۆ نموونە هەنگوینی پاڵاوتە، هەنگوینی بێ مێو و هەنگوینی شانە، شانەش دوو جۆری هەیە یەکێکیان مێشهەنگ خۆی دروستی دەکات، جۆرێکی دیکەش مێوی بۆ دادەنێین بۆئەوەی بەرهەمێکی زیاترمان هەبێت بەرهەمی هەنگوین زیاتربێت".

عارف شێروانی سەبارەت بەرهەمی ساڵانەی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان گوتی: "بەرهەمهێنانی هەنگوین ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشان و داکشاندایە، ئەمساڵ لە پارێزگای هەولێر بەرهەمی هەنگوین زۆر باشبوو، بەڵام لە سلێمانی و دهۆک بەرهەم کەم بوو، ئەمساڵ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ٧٠٠ تۆن هەنگوینمان هەبوو، بەڵام ساڵیش هەبووە ٩٥٠ تۆنمان هەبووە".

عارف شێروانی دەربارەی ناسینەوەی جۆری باشی هەنگوین گوتی: "هەنگوینی سروشتی ئەو جۆرەیە کە دەبێت لەناو ساردکەرەوەدا بیبەستێت، بە پێچەوانەی ئەو قسەیە کە دەڵێت هەنگوین نابێت بیبەستیت، ئەوانەی نایبەستن یان بەڕێگای کیمیایی شێی لێ دەرکراوە یان ماددەی پارێزەری تێکراوەر، هەنگوین لە پلەی گەرمی حەوت بۆ ١٤ دەیبەستێت، بەڵام لە بەفرگردا نایبەستێت واتە ئەگەر لە خوار پلەی حەوتی سیلیزییەوە بێت".

گوتیشی: "باشترین رێگای هەڵگرتنی هەنگوین لە هەوای سروشتیدایە و نابێت بخرێتە بەفرگر یان ساردکەرەوە، هەنگوین هەتاوەکو پلەی گەرمی ٤٩ هیچی لی نایەت بۆیە نابێت بخرێتە ساردکەرەوەوە".

56